بەکارهێنانی خانەکانی لەشی خۆمان وەک بەشێک لە چارەسەر: شۆڕشی چارەسەری خانەیی
تێپەڕاندنی دەرمانە باوەکان لە ڕێگەی دووبارە پڕۆگرامکردنەوەی سیستەمی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی
KTI
بەکارهێنانی خانەکانی لەشی خۆمان وەک بەشێک لە چارەسەر: شۆڕشی چارەسەری خانەی
بیربکەرەوە لە بڕی ئەوەی تەنها دەرمانێک بدرێتە نەخۆشێک، پزیشکەکان بتوانن هەندێک لە خانەکانی خودی نەخۆشەکە وەربگرن و لە تاقیگەدا دەستکارییان بکەن، و پاشان بییانگەڕێننەوە بۆ ناو جەستەی نەخۆشەکە بۆ شەڕکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەدا. ئەمە بیرۆکەی پشت بە چارەسەرکردنی خانەی دەبەستێت .یەکێک لە پێشکەوتووترین نموونەکانی چارەسەری خانەی CAR-Tیە، کە تێیدا خانەکانی Tی خودی نەخۆشەکە لە ڕووی بۆماوەییەوە دەستکاری دەکرێن بۆ ئەوەی بتوانن خانە شێرپەنجەیەکان بناسنەوە و هێرش بکەنە سەریان. بەم شێوەیە خانەکان لە بنەڕەتدا دەبنە دەرمانێکی زیندوو.
چارەسەرکردن بە خانە چییە؟
چارەسەرکردن بە خانە (Cell therapy) بوارێکی گەشەسەندووی پزیشکییە کە شێوازی بیرکردنەوەی زانایانی لەبارەی دەرمانکردنی نەخۆشی گۆڕیوە. لە شوێنی ئەوەی بە تەنها تەرکیز لەسەر ئەو دەرمانانە بکەن کە کار لەسەر لەش دەکەن، زانایان دەتوانن لەگەڵ خانەکانی لەشدا کاربکەن و ڕۆڵی دیاریکراویان پێ ببەخشن. بەپێی جۆری چارەسەرەکە، دەکرێت خانەکان بەکاربهێنرێن بۆ جێگرتنەوەی خانە زیانپێکەوتووەکان، گەڕاندنەوەی ئەرکە لەدەستچووەکان، چاککردنەوەی شانەکان، یان بەهێزکردنی بەرگرییە سروشتییەکانی لەش. ئەم ڕێگەچارەیە دەروازەی زۆری نوێی کردۆتەوە بۆ دەرمانکردنی ئەو بارودۆخانەی کە بە دەرمانی نەریتی ڕەنگە ڕێکخستنیان ئەستەم بێت.
خانەکانی خۆت چۆن دەبێتە دەرمان؟
1. کۆکردنەوە — خانەکانی T لە خوێنی نەخۆشەکەوە کۆدەکرێنەوە.
2. دەستکاریکردن — خانەکان لە تاقیگەیەکی پسپۆڕدا لە ڕووی بۆماوەییەوە دەستکاری دەکرێن.
3. زۆرکردن —خانە دەستکاریکراوەکان گەشەیان پێدەدرێت تا ئەو بڕەی کە بۆ چارەسەر پێویستە.
4. ئامادەکردن — نەخۆشەکە ئاساییانە چارەسەری کیمیایی وەردەگرێت بۆ ئامادەکردنی جەستەی.
5. تێکردنەوە —خانە دەستکاریکراوەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناو دەمارەکانی خوێنی نەخۆشەکە.
6. هێرشکردن — خانەکان ئامانجەکەیان دەناسنەوە و هێرش دەکەنە سەر خانە شێرپەنجەیییەکان.
بۆچی ئەم هەنگاوە شۆڕشگێڕانەیە؟
بە پێچەوانەی دەرمانە نەریتییەکانەوە، چارەسەری خانەیی دەتوانێت خانەکانی خودی نەخۆشەکە وەک چارەسەر بەکاربهێنێت، ئەمەش وا دەکات دەرمانەکان زیاتر تایبەتمەند و کەسی بن.
ئەمڕۆ لە کوێ بەکاردەهێنرێت؟
چارەسەری CAR-T لە ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی تر بۆ هەندێک جۆری شێرپەنجەی خوێن بەکاردەهێنرێت، لەوانە لۆکیمیا، لیمفۆما، و مەلتیپڵ مایڵۆما. بە شێوەیەکی گشتی کاتێک بەکاردێت کە شێرپەنجەکە گەڕابێتەوە یان وەڵامی چارەسەرەکەی نەدابێتەوە. هەندێک لە چارەسەرە نوێیەکان لە ئێستادا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بۆ هەندێک جۆری شێرپەنجە بەکاردەهێنرێن.
هێشتا چ شتێک لە ژێر تاقیکردنەوەدایە؟
توێژەران هەوڵدەدەن خانە دەستکاریکراوەکانی خودی نەخۆشەکە بەکاربێنن دژ بە گرێ ڕەقەکان ،لەوانەش هەندێک جۆری شێرپەنجە لە منداڵان و گەنجاندا. تاقیکردنەوەکانی قۆناغی یەکەم بە پلەی یەکەم تەرکیز دەکەنە سەر سەلامەتی و بڕی دەرمانەکە. چارەسەرکردنی وەرەمە ڕەقەکان قورسترە، چونکە ژینگەی وەرەمەکە دەتوانێت ڕێگری بکات لەوەی خانەکانی CAR-T بگەنە خانە شێرپەنجەیییەکان و لەناویان ببەن.
لە چ قۆناغێکی نەخۆشییەکەدا بەکاردێت؟
پێشتر پەسەندکراوە لە هەندێک شێرپەنجەی خوێن، زۆرجار کاتێک نەخۆشییەکە دوای چارەسەرەکانی پێشوو دوبارە تووشبووەتەوە یان بەرهەڵستی چارەسەرەکەی کردووە.
لە ئێستادا تاقیکردنەوە دەکرێت لە :
*هەندێک شێرپەنجەی ڕەقی پێشکەوتوو یان تەشەنەکردوو.
*ئەو شێرپەنجانەی دوای چارەسەر گەڕاونەتەوە
*ئەو شێرپەنجانەی وەڵامی چارەسەرە ئاساییەکانیان نەداوەتەوە
*هەندێک گرێی دەگمەن یان ئەوانەی چارەسەرکردنیان سەختە.
ئایا سەلامەتە؟
چارەسەرکردن بە خانە دەتوانێت ئەنجامی زۆر سەرسوڕهێنەر بەدەستبهێنێت، بەڵام دەستەواژەی ئاڵۆزی جدییش دروست بکات.یەکێک لە دەرەنجامە خراپەکانی بریتییە لە کۆنیشانەی دەرپەڕاندنی سای تۆکاین ، کە کاردانەوەیەکی بەرگریی لەڕادەبەدەرە و دەبێتە هۆی تای بەرز، دابەزینی پەستانی خوێن و کێشەی تر. کێشە دەمارەیییەکان و هەوکردنی جدییش دەکرێت لەگەڵ هەندێک چارەسەری CAR-Tدا ڕووبدەن.لەبەر ئەوە، ئەم چارەسەرانە پێویستیان بە مەڵبەندی پسپۆڕ و چاودێرییەکی ورد هەیە.
داهاتوو چۆن دەبێت؟
زاناکان کاردەکەن بۆ ئەوەی چارەسەرە خانەیییەکان سەلامەتتر، خێراتر، و کاریگەرتر بکەن لە دژی نەخۆشیی زیاتر. ئەمڕۆ، یارمەتیدەرن لە چارەسەرکردنی هەندێک شێرپەنجەی خوێن، و لە داهاتوودا، ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە چارەسەرکردنی ئەو شێرپەنجانەی کە کۆنتڕۆڵکردنیان قورسترە.
ئامادەکردنی : هێشوو عوسمان حمەسور


