ڕێوڕەسمی ساڵانەی ڕێزلێنان لە نایابیی ئەکادیمی و بەرهەمداریی زانستی لە پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان
ڕاگری پەیمانگە جەختی لەوە کردەوە کە توێژینەوەی زانستی بڕبڕەی پشتی پێشکەوتنی هەر ناوەندێکی ئەکادیمییە و ڕایگەیاند: "ئێمە تەنها لەم ئاستەدا ناوەستین، بەڵکو ستراتیژی داهاتوومان کارکردنە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئەکادیمی گەورەتر لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش تەنها بە هەوڵ و شەونخونی توێژەرەکانمان بەدی دێت."
لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان و سوپاسنامە بەخشرا بەو مامۆستا و توێژەرانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا جێپەنجەیان دیار بووە، کە پۆلێنەکان بەم شێوەیە بوون:
• باشترین توێژەری ساڵ: بۆ ئەو مامۆستایانەی کە بەرهەمی زانستیی بەپێزیان پێشکەش کردووە.
• زۆرترین سایتەیشن (Citations): ڕێزلێنان لەو توێژەرانەی کە توێژینەوەکانیان بووەتە سەرچاوە بۆ توێژەرانی تری جیهان.
• توێژەرانی سکۆپەس (Scopus): دەستخۆشی لەو مامۆستایانەی کە توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە جیهانییە ئاستبەرزەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
ئەم مەراسیمە وەک نەریتێکی ساڵانەی پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی هاندانی ستافی ئەکادیمی بۆ بەردەوامبوون لە داهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی هەرێمی کوردستان و ناساندنی تواناکانی ناوخۆ بە ناوەندە زانستییەکانی جیهان.
لە کۆتاییدا، پەیمانگەی تەکنیکی کوردستان دووپاتی کردەوە کە هەمیشە پشتیوان و هاوکاری توێژەرانی دەبێت بۆ ئەوەی پەیمانگەکە وەک سەکۆیەکی پێشەنگ بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بمێنێتەوە.


