Image

گەڕاندنەوەی بینین بۆ نابینایان

کۆمپانیای نۆرۆلینک (Neuralink) کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی ئیلۆن ماسک و پەرە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕووکاری مێشک و کۆمپیوتەر (BCI) دەدات، داهێنانێکی بەرچاوی بۆ گەڕاندنەوەی بینین بۆ نابینایان کردوە. ئەم تەکنەلۆژیایە کە بە بڵایندسایت واتە کوێری بینەر "Blindsight" ناسراوە، ئامانجی تێپەڕاندنی دەمارەکانی تێکچووی ڕێڕەوی بینایی و  هاندانی ڕاستەوخۆی بەشی بینینی مێشکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەزموونی بینینە بۆ کەسانی نابینا. ئەم داهێنانە ڕێبازێکی پێشکەوتووە لە زانستی دەمار و تەکنەلۆژیادا، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیانی ئەو کەسانەیە کە بەهۆی برینداربوون، نەخۆشی، یان تەنانەت زگماک نابینان.

تەکنەلۆژیای نۆرۆلینک (Neuralink) چۆن کاردەکات؟

سیستەمی نۆرۆلینک بریتییە لە چاندنی ئامێرێک بە قەبارەی پارەیەکی ئاسن کە بە ئەلکترۆدی زۆر تەنک بۆ ناو مێشک ئەبەسترێتەوە. ئەم ئەلکترۆدانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەمارەکاندا پەیوەندی دەکەن، ئەمەش ڕێگە بە ئامێرەکە دەدات چالاکییەکانی مێشک بخوێنێتەوە. بۆ گەڕاندنەوەی بینین، سیستەمەکە دەمارە بیناییە تێکچووەکان تێپەڕ دەکات و بەشی بینین لە ناو مێشکدا هان دەدات بۆ دروستکردنی سیگناڵی بینین بە شێوەی دەستکرد. ئەم ڕێگایە دەتوانێت یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە هەردوو چاویان لەدەستداوە یان دەمارەکانی بینینیان کارناکەن.

ئەم تەکنەلۆژیایە لە سەرەتادا دەیتوانی دیمەنێک بە ڕوونی کەم پێشکەش بکات، کە بە گرافیکی یارییە ڤیدیۆییە سەرەتاییەکان دەچوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، لەگەڵ پەرەسەندنی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و پڕۆگرامەکان، ڕەنگە ئاستی بینینی سروشتی مرۆڤ تێپەڕێنێت و تەنانەت ڕێگە بە بینینی شەپۆلە نابینراوەکانی وەک ژێر سوور و سەروو بنەوشەیی بدات، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە شۆڕشێک لە چۆنیەتی ژیانی مرۆڤ لەگەڵ ژینگەکانیدا دەکات.

ئاستەنگەکانی بەکارهێنان و تەحەددیات

کاریگەرییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە زۆر قووڵە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی برینداربوون یان نەخۆشییەوە نابێنا بوون، سەربەخۆیی جووڵە و ژیانیان بۆ ئەگەڕێنێتەوە.هەروەها ماسک ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە سیستەمەکە یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە بە کوێری لەدایک دەبن، بە مەرجێک ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەستە بە بینین کارا بێت. بەڵام توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕاندنەوەی بینین بۆ کەسێکی کە کوێر لەدایکبووە بە ئاستەنگە چونکە مێشکی بۆ پرۆسێسکردنی زانیارییەکانی تایبەت بە بینین گەشەی نەکردووە.

چەندین تەحەدای تەکنیکی و بایۆلۆژی هەیە بۆ ئەم بابەتە:

1.    گونجاندن:چاندنی دەماری ئامێرەکە پێویستە بۆهەر کەسێک بە پێی پێکهاتەی مێشکی تاکەکە دیزاین بکرێت و لەگاڵیا بگونجێت.

2.    تەمەنی چێندراو و سەقامگیری: دروستبوونی شانەکانی پەڵە لە دەوری ئەلکترۆدی چێنراو بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت ڕێگری لە کارکردنیان بکات.

3.    سەلامەتی و کاریگەرییە لاوەکییەکان: ڕەوتی هاندانی بەرز دەتوانێت ببێتە هۆی کاریگەری نەرێنی وەک گەشکە یان تێکچوونی شانەکانی مێشک.

4.    ڕەچاوکردنی ئەخلاقی و دەروونی: یەکخستنی ئامێرێکی لەو جۆرە دەبێت چاوەڕوانییەکانی بەکارهێنەر مسۆگەر بکات و کاریگەرییە دەروونییەکانی گۆڕینی کەسێک لە کوێرەوە بۆ کەسێک کە توانایی بینینی دەستکردی هەیە چارەسەر بکات.

کاریگەرییە ئەخلاقییەکانی تەکنەلۆژیای گەڕاندنەوەی بینینی نۆرۆلینک جێگەی مشتومڕی زۆرە. پرسیارەکان سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن و گونجاوی ئەم جۆرە ئامێرانە زۆرن، هەروەها نیگەرانییەکان سەبارەت بە پاراستنی نهێنی داتا و کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر بەکارهێنەران هێشتا ڕون نین. جگە لەوەش، لەکاتێکدا ئامێرەکە ئومێدبەخشە، بەڵام لە قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەپێداندایە و هێشتا کاریگەری و سەلامەتی درێژخایەنی بە تەواوی هەڵسەنگێندراوە.

تەکنەلۆژیای نۆرۆلینک Neuralink ئەگەر سەرکەوتوو بێت، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ سەردەمێکی نوێ لە بواری دەمارە دەستکردەکاندا، هەروەها ئەرکە هەستیار و مەعریفیەکان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و لە کۆتاییدا تواناکانی مرۆڤ لە دەرەوەی سنوورە سروشتییەکان فراوانتر دەکات. 

ئامادەکردنی :

م.کازم ڕەحیم عبدەللە

مامۆستا لە بەشی پەرستاری